هاوڵاتیان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەڕۆن
وەستانی هێڵێ ئاسمانی نرخی پاس و فرۆکەی ناوخۆیی لە تورکیا گرانکردووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای وەستانی هێڵی ئاسمانی عێراق، نرخی پلێتەکانی فرۆکە لە جزیرەی باکوری کوردستان بۆ ئیستەمبوڵ و شوێنەکانی تر گرانبووە و هێڵی وشکانیش بەرناکەوێت، ئەوەی هەیە تا ئێستا نزیکەی 50 دۆلار چووتە سەر نرخەکان.
عێراق راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تا کۆتایی ئەم مانگە درێژ کردووەتەوە، هاوڵاتیانی هەرێم بەناچاری فرۆکەخانەی شرناخی باکور بەکاردێنن، ئەمەش بووەتە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر فرۆکەخانەکە و هێڵی گواستنەوەی وشکانی لە هەرێم بۆ تورکیا.
یونس مەلا، کارمەندی کۆمپانیای cizrenuhـی گواستنەوەی وشکانی بە 964 وت، پێشتر سێ کۆمپانیا هەماهەنگیان دەکرد بۆ گواستنەوەی یەک پاس کە 44 سەرنشینی لەخۆ دەگرت، ئێستا هەر کۆمپانیایەک بەهۆی نالەباری دوخەکە سێ پاسی هەیە و جاری واش هەیە بەرناکەوێت.
لای خۆیەوە ئەمیر نەسرەدین، خاوەن نوسینگەی پلێتی فرۆکەوانیش بە 964ـێ وت، وەستانی گەشتەکانی فرۆکەخانەی هەولێر گەشتیارانی ناچارکردووە هێڵی شرناخ بەکاربێنن، بەمەش نرخی پلتەکان زیاتر لە 50 دۆلار گرانبووە، بەجۆرێک ئەگەر پێشتر بە 70 بۆ 80 دۆلار بوایە، ئەوا ئێستا بە 130 تا 140 دۆلارە.
حەسەن ئیبراهیم بەڕێوەبەری گواستنەوەی زاخۆ بۆ 964 وتی، تا ئێستا هاوڵاتیانی خۆمان هیچ گلییەکیان نەبردووەتە لای ئەوان، بەڵام رەنگە ئەو هەڵە بقۆزرێتەوە و نرخ لەسەر گەشتیار زیاد بکرێت بۆیە بەدواداچوونی خۆیان دەکەن لەسەر ئەو بابەتە.
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە دەسەلاتی فڕۆکەوانی عێراق سەرجەم گەشتەکانی راگرتووە، هاوڵاتیانیش ناچارن بۆ گەشتی تورکیا رێگای وشکانی و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەکار بهێنن و نرخیش گران بووە و لەهەمانکاتیش نرخی گواستنەوە بە فڕۆکە لە باکورەوە بۆ شارەکانی دیکەی تورکیا گران کراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی