ئەمڕۆ گردبوونەوە
بەشێک لە جوتیارانی گەرمیان رێگە نادەن باخەكانیان تێكبدرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە جوتیار و خاوەن باخەکانی سەر شەقامی پشتێنەیی کەلار لەگردەگۆزینە، رۆیشتنە بەردەم ئیدارەی گەرمیان و گردبوونەوە، دەڵێن، زەویەکانمان دەکرێت بە پرۆژەی بازرگانی و رێگە نادەین.
جومعە ئیسماعیل، یەکێکە لەو خاوەن باخانە بە 964ـی وت،”بەھیچ شێوەیەک رێگە نادەین باخەکانمان تێکبدرێت و بکرێتە پرۆژەی بازرگانی، ئێمە چەندین ساڵە لەو شوێنە دار ئەچێنین و خزمەتی دەکەین”.
“رازی نابین بە قەرەبوو کردنەوە و ھیچ شتێکمان ناوێت، شەش برا لەو باخانە دەژین ئەگەر بروخێنرێت توانامان نییە لەناو شار خانوو بکڕین”،جومعە ئیسماعیل وای وت.
کاوە محەمەد، یەکێکی دیکە لەو جوتیارانەیە بە 964ـی وت،”ئەگەر دەیانزانی دەکرێتە پرۆژەی بازرگانی بۆچی رێگەیانداوە ئێمە باخەکانمان نۆژەنبکەینەوە و سیاجمانکردووە و بیرمان لێداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەس تەنھا خۆم نزیکەی 10 دەفتەرم مەسروفکردووە، بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو باخانەیە، قبوڵ ناکەین لێمان وەربگرن و پێشتریش ھیچ ئاگادار نەکراوینەتەوە.
پەیامنێری 964، دووجار پەیوەندی کرد بە شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی