"پلانیانیان بۆ تەقینەوە و تیرۆر دادەنا"
ئێران: دوو سیخوڕى مۆسادمان دەستگیرکرد
964+
وریا فەتاح
ئاژانسی هەواڵی “مێهر”ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، دەزگای هەواڵگریی پارێزگای ئەلبورز دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە بە وتەی بەرپرسانی ئێران، سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) بوون و ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە و کردەوەی “تیرۆرستی” کردووە.
پارێزگاى ئەلبورز دەکەوێتە رۆژئاواى تاران
دەستگیرکردنی ئەم دوو کەسە، نوێترین ئەڵقەی زنجیرەی ئەو “جەنگە سێبەرەیە” کە دەیان ساڵە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا بەردەوامە و یەکێک لە کردەکانیش بابەتى هەواڵگرییە لە نێوان هەردولا، پێشتریش تاران و تەلئەبیب یەکتریان بە ئەنجامدانی کردەوەی سیخوڕی لە دژى یەکترى، تۆمەتبار دەکرد.
پارێزگای ئەلبورز بەهۆی نزیکیی لە تاران و هەبوونی چەندین دامەزراوەی سەربازی، پیشەسازی و ئەتۆمیی گرنگ، هەمیشە یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەوە.
ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە، میدیا ئیسرائیلییەکان ئاشکرای دەکەن کە چەند مانگێکە مۆساد لەناو خاکی ئێراندا گەرای ئەم هێرشەی داناوە، بە چەند رێیەکی جیاواز دەیان موشەکی بردووەتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە، هەر لەوێش لە نزیک بنکە سەربازییەکان سەکۆی هەڵدانی درۆنی داناوەو بەر لەوەی هێرشەکانی دەستپێبکەن بە درۆن و موشەک هێرشکراوەتە سەر هێزی بەرگری ئاسمانی ئێران و پەکخراون.