زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا

ئیسرائیل هێزە یەدەگەکانى بانگ کردەوە

964+

وریا فەتاح

شەڕو ئاڵۆزییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل چەندین رێکاری سەربازیی نوێی لەسەر سنووری باکووری وڵاتەکەی راگەیاند، هاوکات بانگەوازی بۆ ژمارەیەک هێزی یەدەگ کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین شارۆچکەی باکوورى ئەو وڵاتە لێدرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، دوای هەڵسەنگاندنێکی نوێ، بڕیاردراوە بە بانگهێشتکردنی بارەگای فیرقەی یەدەگی 146 و هەردوو لیوای یەدەگی “مشتە ئاسنین” و “عتسیۆنی” بۆ ئەوەی وەک هێزی پشتیوان بۆ “سیناریۆی جۆراوجۆر” لەسەر سنووری باکوور ئامادەبن.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین کەتیبەی تری یەدەگ بانگهێشتکراون و لەسەر سنوورەکانی لوبنان و سوریا جێگیرکراون.

لە لایەکی دیکەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە بە گومانی دزەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شاری کریات شمۆنە و شارۆچکەکانی دیکەی ناوچەی جەلیل لە باکووری ئیسرائیل کاراکرا

.

هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەیان فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی شەوی رابردوو زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان لە ناوچەی تارانی پایتەختی ئێران ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئامانجەکان بریتیبوون لە ژێرخانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران.

تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەڵێت: بۆ یەکەمجار لە سەرەتای شەڕەوە، دەیان فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی بەسەر ئاسمانی تاراندا فڕین، کە زیاتر لە 1500 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە و هێرشیان کردە سەر سیستمەکانی بەرگری لە ناوچەکانى تاران.

ئیسرائیل فڕۆكەخانەی میهرابادی لە تاران بۆردومان كرد

ئیسرائیل فڕۆكەخانەی میهرابادی لە تاران بۆردومان كرد