لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ گەڕاندنەوەیان

ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی هەرێم لە توركیا و ئوردن گیریان خواردووە

964+

محەمەد فاتیح

بە هۆی ئەو جەنگەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەڵگیرساوە، ژمارەیەك هاوڵاتیی هەرێمی كوردستان لە توركیا و ئوردن گیریان خواردووە و حكومەتی هەرێمیش هەوڵدەدات بیانگەڕێنێتەوە بۆ كوردستان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتى هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە ئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عێراق داخراوە و گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگیراون، ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ دروست کرد، کە بە شێوەی ترانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، هاوکات ژمارەیەک لە حاجییانیش، کە سەفەری ماڵی خوایان کردبوو، لە رێگەی گەڕانەوەیان لە فڕۆکەخانەی عەممان گیریان خواردووە.

فەرمانگەکە دەڵێت، “حکومەتی هەرێم بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانە لیژنەیەکى لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم پێکهێناوه، لەگەڵ ئەو هاوڵاتییانە و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی هاوڵاتیان تێیدا گیریان خواردووە، لە پەیوەندیدان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکان، تا بتوانن بەزووترین کات ئەو هاوڵاتییانە بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان”.

“حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ بە هانای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە بچێت لەکاتی بوونی هەر کێشە و گرفتێک، وەک چۆن لە سەردەمی پەتای کۆڕۆنا و لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکان هەموو هەوڵێکی دا بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانمان”، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وادەڵێت.

لە بەرەبەیانی دوێنێ هەینییەوە شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێكردووە، بەم هۆیەوە لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری ئەو دوو وڵاتە، گەشتە ئاسمانییەكان وەستاون.

ئیسرائیل فڕۆكەخانەی میهرابادی لە تاران بۆردومان كرد

ئیسرائیل فڕۆكەخانەی میهرابادی لە تاران بۆردومان كرد