بەشێک لە حاجیانی کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە لە بەرامبەر کێوی ئوحد - وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عەمرە
بە پاسی سعودی هەتا عەڕعەڕ دەگەیەندرێن
گەڕانەوەی حاجییان ئەمشەو دوای كاتژمێر 12 دەستپێدەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان رایگەیاند، رێككەوتنیان كردووە سەرجەم حاجییانی كوردستان بە پاسی سعودی دەگەڕێندرێنەوە دەروازەی عەڕعەڕ لە باشووری عێراق و لەوێشەوە بە پاسی عێراق دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.
كاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13.6.2025 بە 964ی وت، حەجی عومرەی كوردستان لەگەڵ حەج و عومرەی عێراق بەیەكەوە لەگەڵ لایەنی سعودی رێككەوتوون، كە سەرجەم حاجییانی كوردستان، ئەوانەشی بە فڕۆكەش سەفەریان كردبوو، بە پاس دەگەڕێنەوە كوردستان.
وتیشی، بڕیارەكە پەیوەندی بە وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان و ئەو بارودۆخە هەیە، كە روویداوە، بۆیە سەرجەم حاجییان بە پاسی سعودی دەگەڕێندرێنەوە دەروازەی عەڕعەڕ لە باشووری عێراق، لەوێشەوە بە پاسی دیكە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.
كاروان ستوونی، پرۆسەی گەڕاندنەوەی حاجییانی عێراق و كوردستان، ئەمشەو لە دوای كاتژمێر 12ی شەو دەستپێدەكات.
لە عێراق زیاتر لە 30 هەزار حاجی و لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە پێنج هەزار حاجی ئەم ساڵ فەریزەی حەجیان جێبەجێكردووە.