ئۆتۆمبێل بە قیست و هەرزان دەدرێتە مامۆستایان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئۆتۆمبێل بە پێشەكی كەم و هەرزان و قیستی پێنج ساڵ دەدرێت بە مامۆستایان، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت بەمە رازیی بووە و گرێبەستێکی لەگەڵ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان واژوو کردووە.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی جیلی نزیکەی 800 بۆ 1000 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبێلێک بۆ مامۆستایان داشکاندن دەکات و بە قیستیش پێیان دەفرۆشێت.

رۆژی 4.2.2023، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای باجگر، بریکاری فەرمی ئۆتۆمبێلەکانی جیلی واژوو کردووە و لە گرێبەستەکەدا هاتووە، “بە بڕی 20 هەزار دۆلار قەرز دەدرێت بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ رەهنکردنی تاپۆی خانوو.”

بەپێی مەرجەكان، پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان تاپۆی خانووی ناوێت، تەنیا دەبێت دوو دەستەبەر “كەفیل” هەبن، كە كارمەندی حكومەت بن و مووچەی هەردووكیان پێكەوە لە یەك ملیۆن و 600 هەزار تا سەرووی دوو ملیۆن دینار بێت، هەروەها مامەڵەکان بە گوێرەی بەهای ئۆتۆمبێلەکە جێبەجێ دەکرێت.

به‌پێی نووسراوی کۆمپانیای باجگر، كه‌ بۆ یه‌كێتی مامۆستایانی ناردووه‌، نرخی ئۆتۆمبێله‌كان له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی بازاڕ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت.

پێشەکی نزیکەی چوار هەزار و 400 دۆلار وەردەگیرێت و مانگانە نزیکەی 300 دۆلار وەردەگیرێت.