كامێرای چاودێری لێیە
ئامێری راكێشانی پارە لە زاخۆ تێكدراوە
964+
شڤان عەبدوڵا
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوو شوێنی ئامێرەكانی راكێشانی پارە ATM هەن، كە فەرمانبەران موچەی لێ وەردەگرن، بەڵام 964 وێنەی یەكێك لەو شوێنانەی گرتووە، كە ئامێرەكان تێكدراون و بۆیاغی پێداكراوە و شاشەكانیان تێكدراون.
دیار نییە كەی ئەم كارە كراوە و كێ كردوویەتی، بەڵام دوو کامێرای چاودێریش لەسەر ئامێرەکان هەن و رەنگە لەوێ شتێك دەست پۆلیس بكەوێت.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەم رووداوە تۆمار نەکراوە، ئەگەر بانکەکانی خاوەن ئامێرەكان سکاڵا تۆمار بکەن، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکرێت و سەرپێچکاران دەدرێنە دادگا و رێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا