سەردانی گەشتیارانی بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە - وێنە: مۆنۆمێنتی هەڵەبجە
مەزەندە وایە زیاتر لە 10 هەزار کەس چووبن
ئەو گەشتیارانەی چوون بۆ هەڵەبجە بەبێ سەردانی مۆنۆمێنت نەگەڕانەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
یادگە خەمگینەکانیش هی ئەوە نین لە جەژنیش لەبیر بکرێن، رەنگە ئەم قسەیە سەردانی ئەو گەشتیارانە بیسەلمێنێ، کە لەماوەی تەنیا دوو رۆژدا زیاتر لە 10 هەزار کەسیان سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە-یان کردووە.
مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دووەم و سێیەم رۆژی جەژن کراوەبوو بە رووی ئەواندا، گەشتوگوزاری هەڵەبجە داتای ئەوەی کردووە، لە ماوەی سێ رۆژی جەژن زیاتر لە 85 هەزار کەس سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکەیان کردووە.
لەم رێژەیە بەشێکیان چوون بۆ مۆنۆمێنتی شارەکە، محەمەد حەمەسەعید، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بە 964ی وت، بەگوێرەی پڕۆگرامی مۆنۆمنێنت، تەنیا یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان وە جەژنی قوربان مۆنۆمێنت داخراو دەبێ، لە سەرجەم رۆژەکانی دیکە، بە سێ شەفت مۆنۆمێنت کراوەیە و دەمانەوێ هەرگەشتیارێک دێتە هەڵەبجە سەدانی ئێمەش بکات.
مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ئەرشیفی کیمیابارانی هەڵەبجە و یادگە و ئەرشیفی دەیان بەڵگەنامەی تاوانەکەیە، محەمەد حەمەسەعید وتی، مەزەندە دەکەین لەماوەی دوو رۆژی جەژن، “دووەم و سێیەم”، زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار کە بەشێکی کەمیان بیانی بوون سەردانی بەشە جیاوازەکانی مۆنۆمێنتیان کردووە، و پێمان وایە، هاتنیان بۆ مۆنۆمێنت وەک تەواوکاری گەشتەکەیان بووە بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
هە ئەمڕۆ یەکشەممە، گەشتوگوزاری هەڵەبجە ژمارەی چوونی گەشتیاری بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەکانی پارێزگاکە راگەیاند، بە قسەی ئەوان، لە ماوەی سێ رۆژی جەژندا پێشوازییان کردووە لە زیاتر 85 هەزار گەشتیار و سەردانیکار.
گەشتوگوزار سوپاسی، تیمەکانی ئاسایش، پۆلیس، هاتوچۆ، تەندروستی، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، بەرگری شارستانی و شارەوانی کردووە کە هاوکاریان بوون لە پێشوازیکردن لە و ژمارە زۆرەی گەشتیاران.
دیمەنی چوونی گەشتیاران بۆ مۆنۆمێنت و ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە؛
