"تەنیا موچەخۆر دەتوانن بژین"
مەندەلی جوڵەی کەمە و نەبوونی خزمەتگوزاری بووە بە بەڵا بۆیان
964+
ڕاژان باجەڵان – مەندەلی
سەرەڕای ئەوەی دوو ساڵە مەندەلی کراوەتەوە بە قەزا، بەڵام دانیشتووانە رەسەنەکەی هەوەتاکو ئەمڕۆ لە دەست نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و بێکارییەوە دەناڵێنن و گرفتی گەورەی بۆ دروست کردوون.
مەندەلی لە ساڵی 1947 کرایە قەزا و یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عێراق بوو، بەڵام دوای 40 ساڵ و له ساڵی 1987 بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس، كرایەوە بە ناحیە و به قهزای بهلهدروزهوه لکێنرا.
وهزارهتى پلاندانانى عێراق ساڵی 2023، سهرلهنوێ مهندهلى کردەوە بە قەزا و بڕیاری ساڵی 1987ی هەڵوەشاندەوە.
دانیشتووانی مەندەلی زۆرینە کاسبکار و فەرمانبەرن، حوسێن مەندەلاوی دانیشتوویەکی بازار بویچگە لە مەندەلی بە پەیامنێری 964ی وت، مەندەلی بە شێوەی پێویست خزمەت نەکراوە، خەڵکە رەسەنەکەی جێیان هێشتووە و بێکاری رووی لە گەنجان کردووە، تەنیا موچە خۆران دەتوانن بژین ئەگینا کاسبکار باری دارایی زۆر سەختە.
ئەبو زەینەب هاوڵاتییەکی دیکەیە و بۆ 964ی گێڕایەوە، ئاوی خواردنەوە ناگاتە ماڵان و کارەبا لە خراپترین دۆخیەتی، بێکاری یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی قەزاکەیە و تەنیا شوێن بۆ کارکردن مەرزەکەیە “مەرزی مخەڵەس” و ئەویش بۆ کەس و کاری خۆیانە و هاوڵاتی ئاسایی نابەنە سەرکار.
نەبوونی هیچ کارگەیەک و لە کارکەوتنی نەفتخانە و داڕمانی کشتوکاڵ لە ناوچەکە و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، گەورەترین کاریگەری بەسەر مەندەلی هەبووە بەشێوەیەک ئێستا تەنیا بە ناو قەزایە و هیچ جوڵەیەکی خزمەتگوزاری و بازرگانی تیادا بەدی ناکرێت.
ژمارەی دانیشتووانی ئەم قەزایە، نزیکەی 32 هەزار کەس دەبێت، کە بەم شێوەیە دابەش بووە؛ عەرەب 20 هەزار، کورد 7 هەزار و تورکمان 5 هەزار کەس، بەپێی مادەی 140 قەزای مەندەلی یەكێكە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، ئەمەش لەڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە کاریگەریی هەبووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا