رووداوی هاتوچۆ لە عەربەت

بە خێرایی لێی خوڕیوە و هاوڵاتییەكی كوشت

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر رێگای سلێمانی – عەربەت كەسێكی پیادەڕۆ گیانی لەدەست دا.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان، ئەو كەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 58 ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی خەباتی سلێمانییە.

عەقید بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، رووداوەكە ئەمڕۆ یەکشەممە 8.6.2025 لە نزیك گوندی دەمركانی سەر رێگای عەربەت بە دیاریكراوی لای مەیدانی دارەكەوە روویداوە، ئۆتۆمبێلێك خۆی كێشاوە بە هاوڵاتییەك و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەكە گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، ئۆتۆمبێلەكە لە جۆری هۆندای رەنگ سپی قەمەرە بووە، شۆفێرەكەی بە نەتەوە عەرەبە، ئەو هاوڵاتییەی كە گیانی لەدەستداوە بە تەمەنە و كوردە، شۆفێرەكە بەهۆی خێراییەوە لە هاوڵاتییەکەی داوە و کوشتوویەتی.

عەقید بەختیار ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكانی هاتوچۆ كەشف و هێڵكارییان بۆ رووداوەكە كردووە و دواتر بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی روداوەكە، بۆ بنكەی پۆلیسی عەربەت نێردراون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا