دووەم رۆژى جەژن

جەژنە بایکۆتى پزیشکانى نیشتەجێى خولاو دەستپێدەکات

964+

وریا فەتاح

پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بایکۆتکردنی سەرتاسەریی دەوامیان لە نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان راگەیاند. ئەوان دەڵێن، بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی نوێ و گۆڕینی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، گەیشتوونەتە “بنبەست”.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی و ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، پزیشکانی نیشتەجێى خولاوى هەولێر و سۆران رایانگەیاندووە کە لە کاتژمێر 8ـی بەیانیی رۆژی شەممە، 7.6.2025 کە دەکاتە دووەم رۆژى جەژنى قوربان، دەست بە بایکۆت دەکەن و تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن.

وەک باسى دەکەن، ماوەی شەش مانگە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، دۆخێکی “چەقبەستوو” دروست بووە و بووەتە هۆی ئەوەی پزیشکانی ساڵانی یەکەم تا پایەبەرزەکان لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی خۆیان خزمەت بکەن و لە شوێنەکانی پێشوویان بمێننەوە.

” پێشتر هەموو رێگەیەکی یاسایی و مەدەنیمان گرتووەتەبەر، لەوانەش پێشکەشکردنی یاداشتێک بە واژۆی 1600 پزیشک لە سەرتاسەری کوردستان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی نەک هەر پلانی نییە بۆ چارەسەر، بەڵکو تاکلایەنانە سیستمی پلەبەندیی پزیشکیی شێواندووە”، پزیشکانى نیشتەجێى خولاو وادەڵێن.

داواکارییەکانی پزیشکان بریتین لە:

1.  وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندی.

2.  دیاریکردنی کاتێکی فەرمی بۆ دامەزراندنی پزیشکانی نوێ و کۆتاییهێنان بە دۆخی چەقبەستوویی.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پزیشکان هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری ئاگادار دەکەنەوە کە ئەوان بەرپرس نین لەم دۆخە و وەزارەتی تەندروستی بەرپرسیارێتیی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو لە ئەستۆ دەگرێت. ئەوان دەڵێن: “گەیشتنمان بە بنبەست و بێهیوایی لە چارەسەرکردنی کێشەکان، گەیاندینی بەم بڕیارە.”

لە هەفتەى رابردوودا و پێشتریش، پزیشکانى نیشتەجێى خولاو و دەرچوانى دانەمەزراوى بەشى پزیشکى، چەند جارێک لە هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان، گردبوونەوە. دانەمەزراوان بۆ دامەزراندن و دامەزراوانیش بۆ پلە بەرزکردەوە، داواکارییان بۆ حکومەت بەرز کردەوە.

پزیشکان لە سلێمانی؛ داوای دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە...

پزیشکان لە سلێمانی؛ داوای دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە دەکەن