“قوربانی کردن بەرنە قەمچوغە”

لەسەر زێ و دەریاچەی دوکان تیمی بەرگری شارستانی جێگیر دەکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

لیژنەی ئەمنی قەزای دوکان بڕیاریدا، بە درێژایی هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان، تیمی بەرگری شارستانی لەسەر زێ و دەریاچەی دوکان جێگیربکات.

ئەمە پلانی جەژنە و قایمقام و کەسی یەکەمی هێزە ئەمنی و دەزگا خزمەتگوزارییەکان کۆبوونەوەیان بۆی کردووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی، قایمقامیەتی دوکان ئاماژەی بەوەکردووە، وابڕیارە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بێنە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری دوکان، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانەوە، هێزە ئەمنییەکان لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن و پلانی ئەمنی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

بۆ ئەوەش، تیمەکانی بەرگری شارستانی قەزای دوکان و دەوروبەری دابەش دەبن بەسەر دەریاچەی دوکان و زێی دوکان بۆهەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

هەروەها، لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەت و لیژنەکانی چاودێری گەشتوگوزار لە ئەرکدا دەبن و چاودێری ووردی پڕۆژە و ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن و بەدواداچوون بۆ هەر سەرپێچی و کەموکوڕیەک دەکەن.

لەبارەی قوربانی کردنی، لیژنەی ئەمنی دەڵێ، هاوڵاتیان دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێتێرنەری تایبەتمەند و لیژنەی تەندروستی قوربانی بکەن، ئەوەش لە پێناو سەلامەتی خۆیام.

بۆ ئەوەش، لە گوندی قەمچوغە شوێنی تایبەت دیاریکراوە و لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 5:00ی پاشنیوەرۆ، پزیشکی تایبەتمەند ئامادە دەبێت و پێویستە هاوڵاتیان بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکانیان سەردانی ئەو شوێنە بکەن.