دیمەنێک لە سەنتەری قەزای پێنجوێن _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
چوار خزمەتگوزاری لەیەک کاتدا
کانی گۆیژی پێنجوێن بە پڕۆژە دەبوژێتەوە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار دابینکرا، تا شارەوانی پێنجوێن رێکارەکانی خزمەتگوزاری گەڕەکێکی پێنجوێنی تەواو بکات و دواتر ئاو و ئاوەڕۆ و قیر و شۆستەشیان پێ دەگات.
گەڕەکەکەی پێنجوێن ناوی کانی گۆیژە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.6.2025، رەوف رەشید، سەرۆک شارەوانی پێنجوێن بە 964ی وت، دیزاین و کارە ئیدارییەکانی پرۆژەی خزمەتگوزاری گەڕەکی کانی گۆیژ گەیشتووە بە کۆتایی و ئێستا تەندەری بۆ دەردەچێت و دوای ئەوەی درایە کۆمپانیا کارەکانی دەست پێدەکات.
لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و دیزانی پرۆژەکەش تەواو کراوە و دەرخستە و هەموو کارەکانی دیکەی بۆ کراوە و لە پرۆژەکەشدا 600 ماڵ زیاتر سوودمەند دەبن.
بەگوێرەی نوسراوەکان، ئەو خزمەتگوزارییەی دەرچووە چوار پرۆژە لە خۆی دەگرێت کە بریتییە لە، تۆڕی ئاوەڕۆ و ئاوی خواردنەوە و قیر و شۆستە.
لە ماوەی رابردووشدا، چوار پرۆژە بۆ پێنجوێن دەرچوو کە ئاوەڕۆی لولەی و چاککردنی رێگاوبانەکانی سنوری شارەوانی قەزای پێنجوێن بوو.
پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا