به‌غدا سندوقی ئاوەدانكردنه‌وه‌ى شنگالى دروست كرد

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

حكومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دروستكردنى سندوقێكی تایبه‌ت به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال ده‌ربڕى، ئه‌م كاره‌ش ‌وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك خراوه‌ته‌ ناو بودجه‌ى 2023 ـى عێراق و له‌وێشدا بودجه‌كه‌ى بۆ دیاریی ده‌كرێت.

تۆڕى 964 ده‌زانێت، دوای هێرشه‌كانی چه‌كدارانى داعش لە ساڵی 2014 بۆ سه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌رى، زیانی زۆری مرۆیی و دارایی به‌ر ئه‌و سنووره‌ كه‌وت، تێكدانى ئاوه‌دانییه‌كان له ‌پاڵ كوشتن و رفاندن و بێسه‌روشوێنكردنى دانیشتووانه‌كه‌ى، سیماى وێرانى ئه‌و سنووره‌ پیشان ده‌ده‌ن.

مه‌حما خه‌لیل، ئه‌ندامی پەرلەمانی عێراق، به‌ تۆڕى964ـى رایگەیاند “دوای ئەوەی له‌ نووسراوێكی فەرمی داوام لە محەمەد شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كرد، كە سندوقێكی تایبه‌ت به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال دروست بكرێت، ئێستا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە رەزامەندی له‌سه‌ر دراوە”.

وتیشی، “ئه‌و سندوقه‌ ده‌بێته‌ كلیلێك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و سنووره‌كه‌ى و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى”.
پێشتر به‌رپرسێكی باڵاى ئیداری له‌ موسڵ، به‌ تۆڕى 964ـى راگه‌یاندبوو، تا ئێستا كه‌مترین ناوچه‌كانى سنوورى شنگال ئاوه‌دانكراونه‌ته‌وه‌ و ئاواره‌كانیش حه‌زناكه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

“پێشتر له ‌ئیداره‌ى موسڵ بودجه‌یه‌ك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال دابین كرابوو، به‌ڵام نیوه‌ى زیاتری پاره‌كه‌یان دزی، گه‌نده‌ڵییه‌كه له‌لایه‌ن عه‌بدولقادر ناوێك كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئیداره‌ى موسڵه‌ كراوه‌،‌ 28 ملیار دینارى بۆ ده‌ستنیشان كرابوو، ته‌نیا 13 ملیار بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ خه‌رج كرا، ئه‌وه‌ى دیكه‌ش كه‌ 15 ملیار بوو، هه‌موو دزراوه‌”، مه‌حما خه‌لیل وای وت.