بەرگری شارستانی: بە تەواوی سووتاوە
لە کەرکوک ئۆتۆمبێلی خاوەن پێداویستییەکی تایبەت ئاگری گرت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمڕۆ سێشەممە 3.6.2025، لە شەقامی کۆرنیش و بە دیاریکراوی لە نزیک حەمام ساعەی کەرکوک، ئۆتۆمبێلێک ئاگڕی گرت و سووتا، لە ماوەی دوو رۆژدا ئەوە دووەم حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێلە لە کەرکوک.
رووداوەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کەرکوک بە 964ـی وت، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تاکسی سکۆدا بووە و ئاگری گرتووە، کە بە تەواوی سووتاوە.
ئەوەی دەرکەوتووە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، ئەو سەرچاوەیە وتی، خۆشبەختانە توانیوویەتی خۆی رزگار بکات، دەرنەکەتووە هۆکاری سەرەکی ئاگرگرتنەکە چی بووە.
هاوشێوەی رووداوەکەی ئەمڕۆ، دوێنی دووشەممە 3.6.2025، لە نزیک بازاڕی پەنجاعەلی بەهەمان شێوە ئۆتۆمبێلێک ئاگڕی گرت و سووتا، ئەو بەرپرسە داوای لە هاوڵاتییان کرد، لەم چەند مانگەی وەزری گەرما بەهیچ شێوەیەک بۆن لە ناو ئۆتۆمبێلەکانتان دانەنێن، ئەگەری تەقین و سووتانی زیاترە و وادەکات زەرەری زیاتر بێت.
محەمەد عەلی شایەتحاڵ لە شوێنی روداوەکە بە 964ـی وت، هاوڵاتییان لەسەر شەقامەکە دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئەوەی قەرەبوو شۆفێرەکە بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا