قەزای باتیفا
ئەمساڵ پێوەدان لە کوردستان زۆر بووە
“هێشتا هاوڵاتیان بە هەڵە مامەڵە لەگەڵ پێوەدانی مار و دووپشک دەكەن”
964+
شڤان عەبدوڵا
پزیشكێكی شارەزا دەڵێت، هێشتا هاوڵاتیان بە هەڵە و بە شێوازێكی كلاسیكی و كۆن مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكانی پێوەدانی مار و دووپشك دەكەن، هۆشدارییش دەدرێت لە زیادبوونی پێوەدانی گیانەوەرە ژەهراوییەكان لەم هاوینەدا.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی هاوین، دەرکەوتنی مار و دووپشک و گیانەوەری ژەهراویش زۆر بووە، بە جۆرێک تەنیا لە قەزایەکی وەک باتیفا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە یەک هەفتەدا پێنج حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک تۆمارکراوە.
بە پێی زانیارییەكانی 964 سەرجەم حاڵەتەکان هەر لە بنکەی تەندروستیی قەزاکە چارەسەرکراون، بنکە تەندروستییەکەش دەیەوێت لە رێگەی 964ـەوە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ توشبووەکان روونبكاتەوە.
د. ئەحمەد شیلانی، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی باتیفا بە 964 وت، تائێستاش بیرۆکەی کلاسیکی لەلایەن هاوڵاتییانەوە جێبەجێ دەکرێت لە کاتی پێوەدانی مار و دووپشک، بە جۆرێك بە پارچە قوماشێک دەست یان قاچی تووشبووەکە بە توندی دەبەسترێت و ئەمە هەنگاوێکی سەقەتە، ئەم كارە نەکرێت زۆر باشترە وەک لەوەی بکرێت.
وتیشی، هەڵمژینی شوێنی پێوەدانەکە یان شەقشەقکردنی جێی پێوەدانەكە بە چەقۆ، هەڵەیەکی زۆر مەترسیدارە، باشترە لەو کاتەدا هیچ لەگەڵ توشبووەکە نەکرێت، تەنیا پەلە لە گەیاندنی نەخوشەکە بۆ نەخوشخانە بکرێت.
ئاماژە بەوەش دەكات، لای ئەوان تەواوی کەرەستەی پێویستی چارەسەركردن هەیە و پێویست ناکات نەخۆشەکان بۆ زاخۆ بگوازرێنەوە.
لایەنە تەندروستییەكان هۆشداریی دەدەن، ئەم هاوینە بەهۆی گەرما و وشكەساڵی و بێ بارانییەوە گیانەوەرە ژەهراوی و خشۆكەكان زیاتر دەبن و ئەگەر پێوەدانیش زۆرتر دەبێت، هەربۆیە لە لایەن چەند لایەنێكی بەرپرسەوە رێنمایی خۆپارێزی بڵاوكراونەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا