تاریق عەبدولڕەحمان سەرۆكی پێشووی تۆپی پێی كوردستان
“نزیكە خۆم بۆ هەڵبژاردنی كارگێڕیی یانەی هەولێر كاندید بكەم”
+964
عەبدولعەزیز خاڵند – هەولێر
تاریق عەبدولڕەحمان، سەرۆكی پێشووی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئاشكرای كرد، نزیكە لەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕیی یانەی هەولێر كاندید بكات، وتیشی، هەموو كەس حەزدەكات ئەندامێك بێت لە یانەی هەولێر.
تاریق عەبدولڕەحمان ئەمڕۆ دووشەممە 2.6.2025 دەوروتەسلیمی لەگەڵ سەڵاحەدین سیامەندی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی كرد و پۆستی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانی رادەست كرد.
كاپتن تاریق بە 964ی راگەیاند، پۆستی دیكە چاوەڕێی دەكات و قسەیان لەگەڵ كردووە، وتیشی “من قەد بە دوای پۆستدا ناچم و بە كەس ناڵێم”.
لە بارەی جێهێشتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێ، تاریق عەبدولڕەحمان دەڵێت، “دڵخۆشم بە هاتنی سەڵاحەدین سیامەند بۆ شوێنەكەی من، ماندووبوونمان بەفیڕۆ نەچووە و ئەستێرەیەك و كەسایەتییەكی شایستە هاتووەتە شوێنەكەم”.
هەروەها بۆ 964 ئاشكرای كرد، “نزیكە خۆم بۆ دەستەی كارگێڕیی یانەی هەولێر هەڵبژێرم، هەموو كەس حەزدەكات ئەندامی یانەی هەولێر بێت”.
تاریق عەبدولڕەحمان یاریزان و كاپتنی پێشووی یانەی هەولێر بووە و تا ناوەڕاستی نەوەدەكانی رابردوو لە یاریگەكانی عێراق و كوردستان بەردەوام بوو، ماوەیەك لە یانەی شوڕتەی بەغدا و هەروەها بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراقیش یاریی كردووە، چەند ساڵێكیش سەرۆكی یانەی بروسك بوو لە هەولێر.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا