"نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان لە کفری"
دوو مانگە خێرخواز بیناکەیان تەواو کردووە و کارمەندی نییە بکرێتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەسەر ئەرکی خێرخوازێک ساڵی رابردوودەستکرا بە دروستکردنی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان لە قەزای کفری، ماوەی دوو مانگە کارەکانی بینای نەخۆشخانەکە تەواو بووە، بەڵام بەھۆی نەبوونی کارمەند نەخۆشخانەکە نەکراوەتەوە.
سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیانی لە کفری بە 964ى وت، “بینا و ئامێری پێوست بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان لە کفری ئامادەیە، بەڵام کارمەندمان نییە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەکە”.
“بەھۆی بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ کەسێکی تازە دانامەزرێت، ئەمەش گرفتە بۆ ئێمە، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەھەوڵداین بەشێوەی تەنسیب لە فەرمانگەکان و نەخۆشخانەکانی دیکە کارمەندی بۆ دابین بکەین”، سامان سەرتیپ وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە نەبوونی کارمەند، گرفتی کەمیی پزیشكی منداڵانیشمان ھەیە، بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەکەش پێوستیمان بە 70 کارمەند ھەیە لە ھەموو بەشەکاندا.
سامان سەرتیپ وتیشی، “ھەوڵی تەواو دەدەین لە چەند مانگی داھاتوو نەخۆشخانەکە بکەینەوە و بخرێتە خزمەت ھاوڵاتیانی قەزای کفری، بۆ ئەوەی سەردانی شارەکانی دیکە نەکەن و رێگای دوور نەبڕن”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا