چاوەڕێی وەزارەتی دارایین

قەیرانی دارایی نۆژەنكردنەوەی شوێنە كەلەپوورییەكانی كفری راگرتووە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەكردنی پارە بۆ پڕۆژە و كارەكانی نۆژەنكردنەوەی شوێنە كەلەپووری و شوێنەوارەكان، لە قەزای كفری كۆمەڵێك خانوو لەگەڵ بازاڕی قەیسەری، ساڵانێكی زۆرە چاوەڕێی نۆژەنكردنەوەن، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمیش دەڵێن، دیزاین و دەرخستە ئامادەكراوە و چاوەڕێی وەزارەتی دارایین پارە خەرج بكات.

قەزای کفری یەکێکە لە کۆنترین ئەو ناوچانەی کوردستان کە ژیانی تێدا بووبێت، كە ئێستا وەک مۆزەخانەیەکی زیندوو وایە، خاوەنی چەندین گرد و خانوو، هەروەها بازاڕ و ناوچەی شوێنەوارییە، كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، بەڵام فەرامۆشکراون.

کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ھەرێمی کوردستان بە 964ى وت، “بەردەوام کارمان لەسەر شوێنەوارەکانی کفری و ھەرێمی کوردستان بە گشتی کردووە، بەڵام بەھۆی زۆریی ژمارەی خانوو و شوێنەوارە کەلەپوورییەکان و نەبوونی بودجە، نەتوانراوە وەک پێویست شوێنەوارەکان نۆژەن بکەینەوە”.

لە ساڵی 2011ەوە، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کفری دراوە، بەڵام تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە و ھەر ساڵێک بەشێکی قەیسەرییەکە دەڕووخێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت.

“ئەوەی لەسەر ئێمە بێت سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کفری جێبەجێمان کردووە، لە دیزاین و دەرخستەی نۆژەنکردنەوەکەی، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە پارەی بۆ خەرج ناکرێت، لە وەزارەتی شارەوانییش جارێکیتر نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکە خراوەتەوە پلان”، کەیفی مستەفا وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد،”12 خانووی کەلەپووری لە قەزاکە ئامادەکراون نۆژەن بکرێنەوە، دەرخستە و ھەموو کارەکانیان تەواو کراوە و لە وەزارەتی داراییە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی و خەرجکردنی پارە، دەست دەکەن بە نۆژەنکردنەوەی 12 خانووەكە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

خانووە کەلەپوورییەکانی رواندز هەنگاوێک نزیک بوونەوە ل...

خانووە کەلەپوورییەکانی رواندز هەنگاوێک نزیک بوونەوە لە پاراستن و نۆژەن کردنەوە