ساڵانی رابردوو بودجەكەی هەزار ملیار بووە
حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ كەركوك تەرخان نەكردووە
964+
محەمەد فاتیح
پارێزگای كەركوك ماوەیەكە بوژاوەتەوە و پڕۆژە و هەڵمەتی چاكردنەوە و نوژەنكردنەوەی بەردەوامی هەیە، بەڵام پارێزگارەكەی دەڵێت، هیچ بڕە بودجەیەكمان بۆ تەرخان نەكراوە.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك بە رۆژنامەنوسانی وت، “كاتێك دەستبەكاربوونی وەك پارێزگا كەركوك هیچ بودجەیەكی نەبوو، لەئێستاشدا بۆ ئەمساڵ 2025 هیچ بودجەیەكی بۆ تەرخان نەكراوە و بودجەی كەركوك سفرە”.
دەشڵێت “ساڵانی رابردوو پێش ئەوەی من ببم بە پارێزگا بودجەی كەركوك لە ساڵێكدا هەزار ملیار دینار بووە و ئێستا وا لە مانگی شەشدایین بودجەی كەركوك سفرە، ئەمەش نامەیەكه بۆ دەوڵەتی عێراق كە كەركوك پێویستی بە بودجەیە لە پێناو پاڵپشتیكردنی پڕۆژە ستراتیجیەكانمان و بەردەوامبوونی بەرقراربوونی ئارامی و ئاسایش لەم شارەدا كە چەندین ساڵە ئەم بەرقراربوونەی بە خۆیەوە نەدیوە”.
رۆژی شەممە 14.8.2024 پاش هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک، پۆستی پارێزگاری شارەکە یەکلایی بووەوە و رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا و لەدادگا سوێندی یاسایی خوارد.