پارێزگار ئەڵێ سوپاسمان کردووە

سەرمایەدارێک نۆژەنکردنەوەی شوێنێک بۆ دادگای هەڵەبجە لە ئەستۆدەگرێ

964+

ئەحمەد مستەفا

هەڵەبجە شوێنێکی پەیوەست بە دادگای نییە بۆ شارەکە لە رووی هەیکلەیی ئیداریی و باڵەخانە، هەر دوو و سێ رۆژ پێش ئێستا سەرۆکی دادگای سلێمانی چووە شارەکە تا شوێنێک دیاری بکەن بۆ کردنەوەی دادگا.

هەڵەبجە دادگای بەرایی هەیە کە وەک هەموو قەزاکانی دیکە هەیانە، بەڵام لەوەتی بووەتە پارێزگای ئیدی دەبێت سەرجەم فەرمانگە گەورە و باڵاکانی تێدا بکرێتەوە، ئێستا بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی جێگایەک بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەڵەبجە، سەرمایەدار ئاسۆ بامۆكی تێچووی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەیەکی لە ئەستۆ گرتووە، تا بکرێ بە شوێنی دادگا.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەڵەبجە بێت، رۆژی 29.5.2025، نوخشە ناسیح، لەگەڵ دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و دادوەر فەریق حەمەساڵح سەرۆکی دادگای بەرایی هەڵەبجە و دادوەر حەیدەر مەحمود، سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی کۆبوونەتەوە.

گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامدانی و تەواوكردنی رێكارە ئیدارییەكان بۆ زووتر كردنەوەی دادگاكە كراوە، سەردانی چەند جێگایەکی پێشنیارکراویش کراوە بۆ دادگاکە.

تۆڕی 964 چەندجارێک پەیوەندی بە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە، ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە سەردانی سەرمایەدار، ئاسۆ بامۆکی کردووە و نوسیوویەتی، داوایەكی پارێزگاكەمان پێشكەش بە بەڕێزیان كرد بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی دادگایی نوێی هەڵەبجە و دروستكردنی هۆڵێكی تایبەت بە ئامادەكاری بۆ كردنەوەی دادگای تێهەڵچونەوەی هەڵەبجە.

بە گوێرەی ئەو بڵاوکراوە بێت، سەرمایەدارەکە رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواکەیان.

سەرمایەدارێک نۆژەنکردنەوەی شوێنێک بۆ دادگای هەڵەبجە لە ئەستۆدەگرێ