زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن وەرگیراوە

عێراق ئەمساڵیش دەگاتە خۆبژێوی لە گەنمدا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی بەبازاڕکردنەوە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، هاوکات پێشبینی دەکرێت لەم ساڵیشدا خۆبژێوی بەدەست بهێندرێت.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە، حەیدەر نوری عەرگاوی بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند: “بڕی وەرگرتنی بەروبومی گەنم لە جوتیاران لە سەرەتای وەرزی بازاڕکردنەوە تا دوێنێ، دوو ملیۆن و 370 هەزار تۆن بووە”.

وتیشی، “میکانیزمی وەرگرتنەكە بە جۆرێك، رۆژانە لە نێوان 100 بۆ 115 هەزار تۆن وەردەگیرێت”.

حەیدەر نوری عەرگاوی دەڵێت، “پرۆسەكە بە خێراییەکی باش لە هەموو پارێزگاکاندا بەردەوامە، سەرەڕای هەندێک فشار لە هەندێك پارێزگاکان، کە تەنیا یەک سایلۆیان تێدایە”.

ئاشكراشی كرد، پارێزگاری واسیت پێشەنگی پارێزگاکانی گرتووە لە بڕی رادەستكردنی گەنم، كە لەوێ تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 460 هەزار تۆن، بە بەراورد بە نەینەوا کە ساڵی رابردوو یەک ملیۆن و 260 هەزار تۆنی بەرهەم هەبوو.

“عێراق بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک بەردەوامە لە گەیشتن بە خۆبژێوی لە گەنمدا” ئەمە قسەی عەرگاوییە.

باسی ئەوەشی كرد، دوای مانگێک و حەوت رۆژ لە دەستپێکردنی بەبازاڕکردن، زیاتر لە 2.4 ملیۆن تۆن گەنمیان وەرگرتووە، پێشبینیش دەکەن رێژەی چوار ملیۆن تۆن تێپەڕێنین، کە ئەمساڵیش خۆبژێوی پشتڕاست دەکاتەوە.

لە هەرێمی كوردستان هێشتا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستیپێنەكردووە و بەهۆی وشكەساڵی و بێ بارانیشەوە پێشبینیی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی جوتیارانی كوردستان كەم بێت.