ئەوانەی كارەبایان كوژاندووەتەوە
هێزە ئەمنییەكانی خورماتوو خاوەن مۆلیدەكان دەستگیر دەكەن
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دواى ئەوەى قایمقامیەتى خورماتوو نرخى ئەمپێرى کارەباى مۆلیدەکانى دیاریی کرد، بەشێک لە خاوەن مۆلیدەکان ناڕازین و مۆلیدەکانیان کوژاندووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانیش بەناو شاردا دەسوڕێنەوە بۆ دەستگیرکردنیان.
هاوکار محەمەد، خاوەن یەکێک لە مۆەلیدە ئەهلییەکانی خورماتووە، بە 964ـی وت، ” دوای بڵاوبوونەوەی نرخ و کاتی ئیشپێکرنی مۆلیدە ئەهلییەکان، کە بۆ ئەم مانگە بۆ هەر ئەمپێرێک 14500 دیناریان بۆ هاتووەتەوە، بەڵام بەشێک لە خاوەن مۆلیدەکان پێیان وایە نادادپەروەری کراوە لە نێوان خاوەن مۆلیدەکان و هەندێکیان کاتژمێری زیاتریان بۆ نووسراوە و هەندێکیش کەمتر.
وتیشی، بەو پێیەی مۆەلیدەکەی ئەو بۆ ئەم مانگە 310 کاتژمێر ئیشی پێکردووە، کەچی لە لیستەکەدا 290 کاتژمێری بۆ نووسراوە، كە 20 کاتژمێر کەمی بۆ نووسراوە و بە قسەی خۆی زیانێکی زۆری مادیی لەسەر دەکەوێت و ئەمەش ناچاری کردوون مۆلیدەکانیان بکوژێننەوە، تا چارەسەری کێشەکەیان بۆ دەکەن.
964 کێشەکەى خستە بەردەم حەسەن نوری، بەرپرسی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی خورماتوو، ئەو وتى، “لە رێگەی لیژنەکانمانەوە چاودێریی چڕی ئەو خاوەن مۆلێدانە دەکەین، کە پێچەوانەی بڕیارەکەن و ئێستا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزاکە، چەند مەفرەزەیەکیان لە ناو شاردا دەسووڕێنەوە و هەر خاوەن مۆلیدەیەک لە کاتی پچڕانی کارەبای نیشتمانیدا مۆلیدەکەی ئیش پێنەکات، دەستبەجێ دەستگیر دەکرێت”.
لە قەزای خورماتوو 73 مۆلیدەی ئەهلى هەن، ئەمڕۆ بەشێکیان دژی بڕیاری قایمقامییەت و کەمی کاتژمێرەکانی ئیشپێکردن بۆیان، مانیان گرت و مۆلیدەکانیان کوژاندەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا