نزیکەی 1300 دۆنم زەوی و 1500 دار لە سنووری سلێمانی سووتان - وێنە؛ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
لە 24 کاتژمێری رابردوودا
نزیکەی 1300 دۆنم زەوی و 1500 دار لە سنووری سلێمانی سووتان
964+
شۆڕش قادری
لە 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 1300 دۆنم زەوی و 1500 داری سروشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتان.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “لە 24 کاتژمێری رابردوودا و لەسنووری (دۆڵی دووکانیان ) نزیک (کانی گەورە) لە ناحیەی عەربەت ئاگرێک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 100 دۆنم پوش و پاوان سووتاوە و نزیکەی هەزار داری سروشتیش لەجۆری داربەڕوو زیانیان بەرکەوتووە”.
“ئاگرەکە لەلایەن بنکەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت و سیتەک کۆنتڕۆڵ کراوە و تائێستاش هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە نەزانراوە، بەدواداچوون بەردەوامە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری رووداوەکە دەرچووە”، هێمن کەمەرخان وای وت.
لە رووداوى دووەمدا لە سنووری سیتەك لە (وەڵانە) ئاگرێک کەوتووتەوە، هەرزوو لەلایەن پۆلیسی دارستانی سیتەک و تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی و عەربەت و خەڵکی ناوچەکەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام ئەوەش بێ زیان نەبوو و 200 دۆنم زەوی لە پووش و پاوان و داری سروشتی سووتان.
هەر لە شەو و رۆژی رابردوودا و لە سنوورى دەربەندیخان، ئاگریک له (چیای زمناکۆ) کەوتەوە و بووەهۆی سووتانی نزیکەی 14 دۆنم پوش و پاوان و 500 داربەڕوو.
پێشتریش سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ـی وتبوو، درەنگانی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە بەرزاییەکانی ملەی نەڵمە لە ناحیەی ناڵپارێز کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.