تیمەکانی کارەبای پێنجوێن لە کاتی کارکردندا _ وێنە: 964
هەڕەشەی داخستنی دەروازەکان دەکەن
دەستەی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن: رێگەنادەن پارەی کارەبا زیاد بکرێت
964+
ژووری هەواڵ
دەستەی خۆپیشاندان و داکۆکیکردن لە مافەکانی پێنجوێن رەتیدەکەنەوە پارەی کارەبا زیاد بکرێت و دەڵێن لە ئەگەری زیادکردنی رێگەی هەردوو دەروازەى باشماخ و سەیرانبەن دادەخەن.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پرۆژەى رووناکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رەتدەکەنەوە و پێیانوایە کە ئەو بەهۆی ئەو پرۆژەیە پارەی کارەبای زیاتریان بۆ دێتەوە.
“شاری پێنجوێن ماوەی زیاتر لە 17 ساڵە کارەبای بەردەوامی هەیە بەڵام بەشێوەیەکی سنوردار کە سەرەتا 10 ئەمپێر و دواتر کرایە 16 ئەمپێر و دانیشتوانى شارەکە خۆیان لەگەڵ ئەو بڕەدا گونجاند”، دەستەکە وا دەڵێت.
دەشڵێت، دواى 35 ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی و چاوەڕوانی هاونیشتمانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کارەبا بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبێ گوێدانە داهاتی تاک بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەیان دەرکردووە.
لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرچەند دژایەتی زۆر لەلایەن کاربەدەستانی کارەباوە هەبووە، بەڵام رێگەیان نەداوە ئەو مافەیان زەوتبکرێت لە رێگەى خۆپیشاندان و پەکخستنى دەروازە سنوورییەکانەوە.
دەستەی خۆپیشاندان و داکۆکیکردن لە مافەکانی پێنجوێن راشیدەگەیەنێت، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى پێیان گەیشتووە، پارەی کارەبای پێنجوێن لە مانگی 6ى ئەمساڵەوە بەگوێرەى پارەی پڕۆژەی رووناکی هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە و رێگەنادەن 15 هێندەى پێشتر بڕی پارەی کارەبایان زیاد بکات.