دیمەنی کارتی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بانکی TBI _ وێنە: وەزارەتی دارایی
لە دوو شوێن پڕ دەکەنەوە
“وادەی کۆتایی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من سلێمانی ناگرێتەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
لە هەولێر و دهۆک تا کۆتایی ئەم مانگە وادە ماوە هەژماری من پڕبکرێتەوە، بەڵام ئەو وادەیە کە وەزارەتی دارایی دیاری كردووە سلێمانی ناگرێتەوە و پڕكردنەوەی فۆڕمی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوام دەبێ، حکومەتیش لە پێگەی خۆی دەڵێ، تیمەکان لە دوو شوێن فۆڕمەکە پڕدەکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێکە گەرم و گوڕی هەیە، وەزارەت هەرزوو فریاکەوت بڕیاری بۆ بانکەکان نارد، ئەو وادەیەی دیاری كردووە، بۆ وادەی کۆتایی پڕکردنەوەی فۆڕم، سلێمانی ناگرێتەوە، بەڵکو لە سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامی پێ دەدرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە 27.5.2025، شۆخان عومەر، بەرێوبەری بانكی مەڵكەندی لە سلێمانی بەنوێنەری میدیاکانی وت، پێوست ناكات فەرمانبەران بەلێشاو بێن بۆ پركردنەوەی فۆرمی هەژماری من، ئەو فەرمانبەرانەی ناتوانن نۆرە بگرن، دەتوانن لە داهاتوودا سەردانی بانكەكان بكەن بۆ پركردنەوەی فۆرمەكە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە بڵاوکراوەیەکدا لە پێگەی خۆی دەڵێت، بریکارەکانی پڕۆژەی “هەژماری من” ئێستا لە دوو ناونیشان لە سلێمانی ئامادەن هاوکاری هەر فەرمانبەرێک بکەن بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی “هەژماری من” و تا هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆی هەبێت.
تیمەکان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود “شەقامی 60 مەتری”، نزیک فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی و بەنزینخانەی بینایی بوونیان هەیە، هەروەها بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵات لە شەقامی ئیبراهیم پاشا – خوار نەخۆشخانەی شیرەکە.
هەژماری من دەیەوێت، لە ماوەی 18 مانگدا سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەك لەدوای یەك دەست بکەن بە گواستنەوە بۆ سیستەمی نوێی مووچەدان، ئەوەش بەپێی خشتەیەکی پێشوەختەی دیاریکراو ئەنجام دەدات. کاتێک کە ناوی مووچەخۆران تۆمارکرا ئیتر مووچەکانیان لە بانکە تایبەتەکەوە وەردەگرن.
رەنگە ئەو هەوڵانەی پڕۆژەکە دەیدات تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی هاوبەشانی مووچەخۆر بگەیەنێت بە یەک ملیۆن بەشداربوو، کە فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و کارتی بانکییان بۆ دەکرێ.