بەم نزیکانە

وەزارەتی داد پێشانگەیەکی هەمیشەیی بۆ کتێبی یاسایی دەکاتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد، بەم نزیکانە پێشانگەی داد بۆ کتێب دەکاتەوە، پێشانگەکە هەمیشەیی دەبێت و لە تەنیشت بینای وەزارەتی داد دەبێت.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ سێشەممە 27.5.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بینایەکی دوو نهۆمی بۆ كتێبخانە دروستکراوە، کە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی عەینکاوە، لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تا ئێوارە، بە دوو دەوامی جیاواز کراوە دەبێت.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە پێشانگەی داد بۆ کتێب، تەواوی ئەو کتێب و گۆڤار و بڵاوکراوانە نمایش دەکرێت، کە بە هەرسێ زمانی (کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد چاپ و بڵاوکراونەتەوە، کتێبەکان نرخیان لەسەر دەبێت، بەڵام مەبەست و ئامانج دەستکەوتی بازرگانی نییە، بەڵکو زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی یاساییە، بۆ دەستڕاگەیشتنی یاساناسان و قوتابیانی یاسا و ئەکادیمییەکانە، بە سەرچاوە گرنگ و جیهانییەکانی بواری یاسا .

دکتۆر محەمەد سلێمان ئەلئەحمەد، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیجی فەرمیی وەزارەتی داد دەڵێت، “پێشانگەی داد بۆ کتێب، لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە و لە داهاتووشدا زیاتر فراوانی دەکەین و کتێبی زیاتری تێدا نمایش دەکەین، چ ئەوانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش، هەروەها پێشانگەکە دەکەینە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و هۆشیاریی یاسایی و دەبێتە ماڵێک بۆ یاساناسان و ئەوانەی لە بواری یاسادا کاردەکەن”.

ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد لە ساڵی 2020ەوە دامەزراوە، تا ئێستا، 25 کتێبی بواری یاسایی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، 25 نامیلکەی دیکەشی بە چاپ گەیاندووە و هەروەها 12 ژمارەی گۆڤاری ناوەندەکەی بە ناوی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) بڵاوکردووەتەوە، چوار ژمارەی تایبەتی دیکەی لە گۆڤارەکەی تایبەت کردووە بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانی ناو ئەو کۆنفرانسانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا سازی کردبوون.

كردنەوەی پێشانگەی كتێبی وەزارەتی داد، دوای ئەوە دێت دوێنێ وەزارەتی ئەوقافی كوردستانیش بۆ یەكەمجار كتێبخانەی ئەوقافی هەولێری كردەوە، كە بە قسەی وتەبێژی وەزارەتەكە، زیاتر لە 2000 ناونیشانی زانستی لەخۆدەگرێت

بڕیارێک لە وەزارەتی دادەوە؛ کرێی رسوماتی دادنووس مەدە...

بڕیارێک لە وەزارەتی دادەوە؛ کرێی رسوماتی دادنووس مەدەن