بە ئاگرەکەی دوکان 2000 هەزار دۆنم زەوەی و 2500 داری سروشتی سووتان - وێنە: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
"پێدەچێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە بێت"
بە ئاگرەکەی دوکان 2000 هەزار دۆنم زەوەی و 2500 داری سروشتی سووتان
964+
شۆڕش قادری
ئێوارەی دوێنێ ئاگرێکی گەورە لەسەر رێگای دوکان – سلێمانی و لە سنووری گوندی تەلان کەوتەوە و بەقسەی بەرپرسانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، بەهۆی ئاگرەکەوە 2000 هەزار دۆنم زەوەی و 2500 داری سروشتی سووتان و پێشبینیش دەکرێت، بەهۆی شۆرتی کارەباوە سەریهەڵدابێ.
لە راپەڕین 170 دۆنم گەنم سووتا و لە دوکانیش ئاگر هەیە
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەر دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، چەند تیمێکمان رەوانەی ناوچەکە کرد و توانیان بە هاوکاری ئاسایش و پۆلیسی بەرگری شارستانی دوکان و دانیشتووانی گوندەکانی تەلان و قەمچوغە و جاسەنە، دوای پێنج کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە .
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی لە پووش و دەغڵ و دانی هاوڵاتیان سووتاوە و نزیکەی دوو هەزار و 500 داری سروشتی تەمەن جیاوازیش زیانیان پێگەیشتووە.
پێدەچێت بەهۆی رەشەباوە شۆرتی کارەبا دروست بووبێت و هەرئەوەش بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ئاگرەکە
“بە پێى لێکۆڵینە سەرەتاییەکان، پێشبینى دەکرێت بەهۆی رەشەباوە شۆرتی کارەبا دروست بووبێت و هەرئەوەش بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ئاگرەکە”، هێمن کەمەرخان وای وت.
وتیشی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەر کراوە.