سێ سایلۆ هەن

لە کەرکوک وەرگرتنی گەنم دەست پێدەکات

964+
ئەحمەد مستەفا

سبەینێ یەکشەممە 24.5.2025، لە کەرکوک پلانی وەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵی 2025 دەستپێدەکات، مەزەندە وایە لە 560 هەزار دۆنم زەوی گەنم چێندرابێ.

لە سایلۆكانی كەركوك، تازە و حەویجە جوتیارانی ئەو سنوورە دەتوانن گەنم و بەرهەمی ئەمساڵیان بەرن و رادەستی بکەن.

ساڵی رابردوو لە 10.5.2024، دەرگای سایلۆی کەرکوک کرایەوە، بەو دۆخەشەوە سەروو 100 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت، کە بە بڕیاری حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرا لە جوتیاران.

بۆ ئەمساڵی 2025 گەرچی، تێکڕاى زەویى چێندراو بە گەنم لەناو پلانى کشتوکاڵی لە پارێزگای کەرکوک 560 هەزار دۆنمە، بەڵام پێشبینیی دەکرێ 457 هەزار تۆن بەرهەمى هەبێ، ئەوەش بە گوێرەی لیژنەی کشتوکاڵی.

عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، سبەینێ یەکشەممە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای کەرکوک دەستپێدەکات و بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەکە هەموو رێکارێکی پێویست گیراوەتەبەر.

پێشتر، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بڕی گەنمی گەیشتوو بە سایلۆكانیان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بووە، هاوکات پێشبینی دەکەن ئەمساڵ پێنج ملیۆن تۆن گەنم وەربگرن.

زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە

زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە