گروپێك هاوكاریان بۆ كۆكرده‌وه
نه‌یانهێشت خوێندكاره‌كه‌ى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه ساڵێكی خوێندنى له‌ده‌ست بچێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له هه‌ڵه‌بجه كه‌مپینێكى كۆكردنه‌وه‌ى هاوكارى بۆ خوێندكارێكى زانكۆ رێكخرا، چونكه به‌هۆى نه‌دانێ دوا قیستى خوێندنه‌كه‌ى رێگه‌یان نه‌ده‌دا به‌شدارى تاقیكردنه‌وه‌كانى كۆتایی ساڵ بكات.
خوێندكاره‌كه، له دوا قۆناغى كۆلیژى وه‌رزشی زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌یه و به‌هۆى خراپی دۆخى ئابوورى نه‌یده‌توانى قیستى خوێندنه‌كه‌ى به‌ته‌واوى بدات.
فه‌رحان شه‌هاب، له گروپی چه‌تر، كه گروپێكه هاوكارى بۆ خوێندكاره كه‌مده‌رامه‌ته‌كانى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه كۆده‌كاته‌وه، به 964ـى وت، دواى ئاگاداركردنه‌وه‌یان له كێشه و گرفتى ئه‌م خوێندكاره كه‌مپینیان راگه‌ياند و توانیان له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا پاره قیستى خوێندنه‌كه‌ى بۆ كۆبكه‌نه‌وه.
خوێنكاره‌كه به‌پێی سستمى خوێندنى پارالێڵ ده‌خوێنێت و به‌شێوه‌ى قیست پاره‌ى خوێندنه‌كه‌ى داوه.
وتیشی “ئێستا خوێندكاره‌كه ده‌توانێت تاقیكردنه‌وه‌ى كۆتایی ساڵى بكات و هیچ گرفتێك بۆ پاره‌ى قیسته‌كه‌ى نه‌ماوه”.
ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه ئه‌م گروپه له‌لایه‌ن چه‌ند خوێندكارێكی خۆبه‌خش، له‌ناو زانكۆى هه‌ڵه‌بجه دامه‌زاوه و توانیویه‌تى هاوكارى و یارمه‌تى جیاواز پێشكه‌شی ئه‌و خوێندكارانه‌ى زانكۆ بكات، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه ده‌ژین و له زانكۆكه‌ى ده‌خوێنن.