لە سامەڕا
شۆفێری پاسێکی گواستنەوەی حاجیان گیانی لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
پاسێکی گواستنەوەی حاجیانی سەڵاحەدین لە نزیک سامەڕا لە کاتی دابەزینی شۆفێرەکەی، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە شۆفێرەکەیدا کێشا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و حاجییەکانی ناو پاسەکەش لەسەر رێگاکە پەکیان کەوتووە و داوای یارمەتی دەکەن.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.5.2025 یاسین محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ کاروانێکی حاجیان بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەرەو خاکی سعودیە بەڕێکەوتوون، بەڵام لە نزیک قەزای سامەڕا، پاسەکە کەپی یەکێک لە تایەکانی کەوتووە و شۆفێرەکە رایگرتووە و چووە بۆ هێنانەوەی کەپی پاسەکە، لە کاتی هێنانەوەیدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری GMC بەخێراییەکی زۆر خۆی بەشۆفێرەکەدا کێشاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، ئێستا حاجیانی نێو ئەو پاسەکە، کە ژمارەیان نزیکەی 30 حاجی دەبن، لەسەر ئەو رێگایە پەکیان کەوتووە و هاواریان لێ هەستاوە، داوای بەهاناوەچوون و شۆفێرێکی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی بەڕێبکەون بەرەو سعودیە”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر