ساغكردنەوە.. شروبە ژەهراویەكە لە كوردستان بوونی نییە

964+
فەرهاد حەسەن

ئەو شروبە ژەهراوەییەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەنگۆی بڵاوبووەونەوەی بڵاوکردەوە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێ: نەک هەر شروبەکە لە کوردستان بوونی نییە بەڵکو هیچ دەرمانێکی کۆمپانیایەکەش نییە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەنووسراوێكی فەرمی ناوەندە تەندروستییەكانی لەبوونی جۆره‌ شروبێكی مه‌ترسیدار ئاگادار كردەوە و دەڵێ: بەپێی نووسراوێکی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئۆزبه‌كستان 18 منداڵ بەو شروبە گیانی لەدەستداوە.

شروبی  (Doc-1max)ـی دژه‌ سه‌رما و كۆكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای  (Marion Biotech)ـی هیندستانی‌ دروستكراوه.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بەشێکی راگەیەنراوەکەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی هەرێمی کوردستان (KMCA) بڵاوی کردەوە کە دوای “بەدواداچوونی وردی زانستی و پیشەییانەی خۆمان بۆ هاوڵاتیانمان روونی دەکەینەوە کە بەهیچ جۆرێک لە کوردستان بوونی نییە و بەهیچ جۆرێک هاوردەی کوردستانیش نەکراوە و هیچ بەرهەمێکی ئەو کارگەیە لەهەرێمی کوردستان نییە و رێگەپێدراو نییە و کارگەکەش تۆمار نەکراوە”.

لەسەر ئەو شروبە، کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی هەرێمی کوردستان (KMCA) دڵنیایی تەواو دەداتە هاوڵاتییانی کوردستان کەبەردەوام لەبەدواداچوونی ورد و زانستییانە دایە سەبارەت بەم بابەتە لەناو دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمان بە مەبەستی بنبڕکردنی دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاخ.

“سەبارەت بە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو 18 منداڵە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی مادەیەکی ژەهراوی بەناوی Ethylene glycol لە ناو دەرمانەکەدا کەدەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی لەش بە تەواوی”. کۆنتڕۆڵی دەرمان وادەڵێت.

وەزارەتی تەندروستی عێراق دەشڵێ “ئه‌و ده‌رمانه‌ مادده‌یه‌كی كیمیایی ژه‌هراوی به‌ناوی (گلایكۆڵ ئه‌سیلین) له‌خۆده‌گرێت”.
بەپێی بەداواداچوونەكانی تۆڕی964، كەپەیوەندی بە ژمارەیەك دەرمانخانەی شاری هەولێر كرد، روونبووەوە كە ئەو جۆرە شروبە لەهیچ دەرمانخانەیەك بوونی نییە.