عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکى زیندانیکراوى پەکەکە _ وێنە: میدیا خۆجێییەکان
جارى پێنجەمە دیداری ئیمراڵی ئەنجامدەدرێت
شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانی کرد
964+
ژووری هەواڵ
شاندی ئیمراڵی بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ پێنجەمین جار سەردانی دوورگەی ئیمراڵی کرد.
پارتی دیموکراسى و یەکسانیی گەلان “پارتی دەم” رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی ئیمراڵی کە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری عەبدوڵا ئۆجەلان پێکهاتووە، بەمەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتوون.
پارتی دەم هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سەردانەکە بڵاونەکردووەتەوە.
پاش ئەوەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئیمراڵی کرد، پاش چوار ساڵ و لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی کرد و مامی بینی.