کەشوهەوا - 964
پێشبینییەکە وایە
ئەمڕۆ هەست بە گەرما دەکرێ؛ چوار پلەیەکی دەچێتەسەر
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەکشەممە، تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەگاتە 11 پلە، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی بەراورد بە رۆژانی رابردوو ئەمڕۆ پلەکانی گەرمان تا چوار پلە و بەپێی ناوچە جیاوازەکان گۆڕانکاری تێیدا رووبدات و بەرزببنەوە.
دوێنی گەرمای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 34 پلە بۆ 39 پلە بوو، بەڵام هەوایەکی فێنکی دەهات، زۆر هەست بە گەرما نەدەکرا.
پیشتیوان ئیبراهیم، شارەزایی کەشناسی بە 964ی وت، ئەمڕۆ ئاسمان خۆر و پەڵەهەور دەبێت لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پلەی گەرما، چوار پلەی تر بەپێی ناوچەکان بەرز دەبێتەوە.
هەروەها خێرایی با 30 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری روودەدات.
لە بارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمان لە ناوچەکان ئەو شارەزایە وتی، تیشکی سەروو وەنەوشەیی کە بە “Uv” ناسراوە، بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دەگاتە 11 پلە و هەست کرد بەگەرما زیاتر دەکات.
تیشکی سەروو وەنەوشەیی
تیشکێکی کارۆموگناتیسییە، کە درێژی شەپۆلەکەی لە رووناکی بینراو کورتترە. هەروەها چاوی مرۆڤ توانای بینینی شەپۆلەکانی ئەم تیشکەی نییە. هەندێک لە مێرووەکانی وەک ژەنگەسوورە توانای بینینی ئەم تیشکەیان هەیە، ئەم تیشکە بەرپرسە لە گەرمابردنی هاوین و سووتان بە خۆر، هەروەها بەرکەوتنی زۆری ئەم تیشکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندنێکی زۆر بە شانەکانی لەشی زیندەوەر.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمیش، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان بەگشتی، ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لە بەشێک لە ناوچەکانی باشووریش ئەگەرى تۆزێکى کەم هەیە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 35 پلەی سیلیزی
دهۆک: 36 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 36 پلەی سیلیزی
سۆران: 34 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان :42 پلەی سیلیزی
