رۆژانە نزیکەی 40 تۆن دەفرۆشرێت
نۆبەرەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هاوین لە تەقتەق پێگەیشتووە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
هاوین نزیک بووەتەوە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تەقتەق پێگەیشتوون، عەلوەی شارەکەش جمەی دێت و رۆژانە نزیکەت 40 تۆن بەرهەم دەفرۆشرێت.
جوتیارانی ناوچەکە بەرهەمی رەنجی چەند مانگەیان دەچنەوە، هەر یەکە لە تەرۆزی، تەماتە، خەیار، لۆبیا، باینجان و کودی لە میوەش قەیسی دەهێنن بۆ عەلوەکە و لە شارەکانی تری هەرێم ساغی دەکەنەوە.
رێباز بایز، نووسەر لە عەلوەی تەقتەق، بە 964ـی وت، ئێمە رۆژانە لەو عەلوەیە 20 بۆ 30 تۆن بەرهەمی خەیار و 10 تۆن لۆبیا دەفرۆشین، بەرهەمەکانی دیکەی وەک ،تەماتە و قەیسیش تازەیە کەم کەم دێت، بەرهەمەکان زیاتر هی جوتیارانی گوندەکانی تەقتەق، سێگردکان، ئومەرگومەت و دەوروبەریەتی، لەو عەلوەیەشەوە بۆ شارەکانی تری هەرێم و خوارووی عێراقیشەوە دەڕوات وەک بابل، بەغداد و ناوچەکانی دیکەی خوارووی عێراق
وتیشی، “حکومەت هاوکارێکی باشی جوتیاران نییە، ئەویش بە هۆی ئەوەی نرخی ئەو بەرهەمانە دێت زۆر کەمە و جوتیار سوودێکی زۆری لێنابیێت”.
دوای ماسی بەخێوکردن، کشتوکاڵکردن دووەم پیشەی سەرەکییە لە تەقتەقدا، هاوڵاتییانی ئەو سنوورە بە هۆی بوونی زێی بچووک و بە پیتی خاکەکەی سوودیان لە کشتوکاڵکردنی ناوچەکە بینیوە، بۆ هەموو وەرزەکان میوە و بەرهەمی خۆیان هەیە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر