"شۆفێرەکەی رایکرد و لەیەکێک لەبازگەکان دەستگیرکرا"
بارهەڵگرێک لەگەنجێکی دا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
درەنگانی شەوی رابردوو گەنجێکی دانشتووی ناحیەی سلێمان بەگی سنووری خورماتوو لەسەر رێگەی گشتی کەرکوک – بەغدا بارهەڵگرێک لێی دەدات و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و شۆفێرەکەش پاش هەڵهاتنی لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا.
ئیحسان عەباس، بەرپرسی هاتوچۆی رێگە دەرەکییەکانی خورماتوو بە964ـی وت، “کاتژمێر 12ـی شەوی رابردوو، گەنجێکی ناحیەی سلێمانبەگ بەپیادە لەماڵ دەرچووە بەمەبەستی کڕینی پێداویستی، کە چووەتە یەکێک لەفرۆشگاکانی سەر رێگا گشتیەکە، بەڵام گەنجەکە لەکاتی گەڕانەوی و پەڕینەوەی لەجادە گشتیەکە بەرەو ناحیەکەیان، بارهەڵگرێک بەتیژڕەویەوە لەگەنجەکەی داوەو دەستبەجێ لەشوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و شۆفێری بارهەڵگرەکەش و یستویەتی هەڵبێت و پاش ماوەیەک لە رۆشتنی لەیەکێک لەبازگەکانی سەر رێگەی گشتی کەرکوک بەغدا دەستگیرکراوەو رادەستی بنکەی پۆلیسی ناحیەی سلێمان بەگ کراوە.
وتیشی، ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە ناوی “محەمەد نوری”ە، تەمەنی 24 ساڵە و سەڵتە، دانیشتووی ناحیەی سلێمان بەگە لەسنووری خورماتوو، ئەو شۆفێرەش کە لەگەنجەکەی داوە، تەمەنی 41 ساڵە و دانشتووی ناوچەی ئەعزەمیەی شاری بەغدایە، ئێستا لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی سلێمانبەگ دەستبەسەر کراوەو لێکوڵینەوەی لەگەڵیدا بەردەوامە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر