كچە ئەسپسوارێكی كورد
“ئەسپی كوردی باشترین ئەسپە”
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بانوو پێشەوا كچە ئەسپسوارێكی كوردە و تەمەنی نۆ ساڵە، بەڵام پڕۆژەی ئەسپسوارێكی نێودەوڵەتییە و دەڵێت، ئەسپ هەموو دنیای منە، باوكیشی دەڵێت، لە رێگەی كچكەیەوە خولیای ئەسپسواریی بووە.
بانوو پێشەوا ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.5.2025 بەشداریی پێشبڕكێی ئەسپسواریی سلێمانیی كرد و بۆ 964 قسەی كرد، “لە تەمەنی شەش ساڵییەوە ئەسپسواریی دەكەم و باوک و دایكم زۆر پشتگیرییان كردووم”.
وتیشی، ئەسپ هەموو دنیای منە و ئەسپی كوردییش باشترین ئەسپە”.
پێشەوا محەمەد باوكی بانووە و دەڵێت، هەمیشە بەدوای كچەكەیانەوەن بۆ ئەوەی ببێتە ئەسپسوارێكی ئاستبەرز و لە خەمیدان نەوەك بكەوێت و ئازاری پێبگات.
دەشڵێت، “دەبێ لە منداڵانەوە فێری شت بین و زەمەنەكە وای لێهاتووە، من بەبۆنەی كچەكەمەوە خولیای ئەسپسواریی بووم و ئێستا ئەسپسواریی دەكەم”.
لەگەڵ ئەوەی شارەزایان دەڵێن ئەسپی عەرەبی زۆر باشە، بەڵام پێشەوا هاوڕای كچەكەیەتی و دەڵێت، ئەسپی كورد زۆرباشە و سەركێشی بە سوارەكەیەوە ناكات.
ئەمڕۆ لە سلێمانی پێشبڕكێی ئەسپسواریی ئەنجامدرا و ژمارەیەك ئەسپسوار و ئارەزوومەند تێیدا بەشدار بوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا