ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمارى راگوزەرى سوریا
لووتكەی عەرەبی
ئەحمەد شەرع نایەتە بەغدا و شەیبانی لە بری ئەو ئامادە دەبێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی باڵا لە سوریا ئاشكرای كرد، سەرۆكی كاتیی سوریا ئەحمەد شەرع بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی عەرەبی نایەتە بەغدا، لە بری ئەو وەزیری دەرەوە بەشدار دەبێت.
سەرچاوەكە بە كەناڵی ئەلحەدەسی راگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسعەد شەیبانی لە بری سەرۆكی كاتیی سوریا ئەحمەد شەرع، سەركردایەتی شاندی سوریا دەكات بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی عەرەبی لە بەغدا.
پێدەچێت ئامادەنەبوونی شەرع بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی هەندێك لایەنی سیاسی ناو عێراق بێت، كە وا پێناسە دەكرێت لە ئێرانەوە نزیكن و لەوەتەی باسی ئەنجامدانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا هەیە، دژایەتیی ئەوە دەكەن ئەحمەد شەرع ئامادەبێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە عێراق بە فەرمی سەرۆكی كاتیی سوریای بۆ بەشداریكردن لە لووتكەكە بانگهێشت كردووە.
بڕیارە رۆژی 17ی ئەم مانگە لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا دەستپێبكات.