ئەگەر کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکەت درەنگ دێتەوە پەیوەندی بکە
+964
فەهمی نەبی
دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەران ناڕەزاییان هەیە لەدرەنگ دانەوەی کارەبای موەلیدەی گەڕەکەکەیان، بەجۆرێک دەڵێن کاتژمێرێک دوای کاتی ئاسایی خۆی موەلیدە دادەگیرسێنێت.
پرسی داگیرساندنی موەلیدەی گەڕەکەکان، پرسێکە لەهەموو شارەکانی کوردستان هەیە و لەزۆر شوێن پێنج بۆ 10 خولەک دوادەکەوێت، بەڵام ئەوەی دانیشتووانی بەشێکی ئەو گەڕەکەی نیگەران کردووە و ناچار بە سکاڵای کردوون، دواکەوتنیەتی بۆ ماوەی کاتژمێرێک.
کامەران فاروق، هاوڵاتی گەڕەکی فەرمانبەران دووهەزارییە، ئەمڕۆ دووشەممە 13.2.2023 بە تۆڕی964ی وت “خانووەکانی گەڕەکەکەمان بەشی زۆری سەد مەترییە، کاتێک کارەبای نیشتیمانی دەبڕێت، لەرۆژدا ماڵەکان بەجۆرێک تاریک دەبن دەبێ چرا داگیرسێنین، زیاتر لە سەعاتێک دەبێت چاوەڕێ بین تا کارەبای موەلیدە دێتەوە، نازانین شکات لای کێ بکەین؟”.
لە هەولێر، دوو گەڕەکی فەرمانبەران هەیە، یەکێک لەوان بە فەرمانبەرانی دوو هەزاری ناسراوە کە دەکەوێتە سەر جووتسایدی بنەسڵاوە لەنزیک شاری ئاڵتوون ستی.
تۆڕی964، سکاڵای ئەو هاوڵاتیەی گەڕەکی فەرمانبەران دوو هەزاری گەیاندە قارەمان مەولود، سەرۆکی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلیەکان لەناو پارێزگای هەولێر، بەڵام ئەویش رەخنەی ئەوەی لە خەڵک هەیە کە بەباشی سەیری وەسڵی کارەبای مۆلیدەکان ناکەن، ئەگەرنا لەسەر وەسڵەکەی بەردەستی “دوو ژمارە موەلیدە هەیە کە نوێنەری ئێمەن و دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن و سکاڵاکانیان بکەن”.
زیاتر وتی “هەرکاتێک ئەوان وەڵامیان نەدایەوە. دەتوانن تاوەکو سەعات 12ی شەو پەیوەندیمان پێوە بکەن تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەین”.
لەسەر وەسڵی کارەبای موەلیدە دوو ژمارە هەیە دەتوانن پەیوەندییان پێیانەوە بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن .
سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لەپارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە زیاتر لەهەزار موەلیدە لەناو شاری هەولێر هەیە کە دابەشی سەر هەر شەش شارەوانییەکە کراون، بۆیە “بەوە راناگەین چاودێری هەموو موەلیدەکان بکەین، ئەمەش وایکردووە لەهەر گەڕەکێک دوو چاودێر دابنێین کە یەکێکیان نوێنەری پارێزگایە و ئەوەی دیکەش نوێنەری ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلیەکانە، ئەوان لای پارێزگا پاداشت وەردەگرن، بۆیە هەر سەرپێچیەک هەبێت دەگەڕێتەوە لای ئەوان”.
لەبارەی ئەوەی لەسەر سکاڵای هاوڵاتییان چەند خاوەن موەلیدەیان سزاداوە، قارەمان مەولود، بێ ئەوەی ژمارەیەکی دروست بخاتەڕوو دەڵێ، ژمارەیەکیان سزا دراون.
بەڵام نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوندی هەولێر، بۆ تۆڕی964 قسەی کردووە ئاشکرای کرد کە لەرابردوودا چەند خاوەن موەلیدەیەک لەسەر درەنگ هەڵکردنی مۆلیدەکانیان سزا دراون، دەڵێ: با دانیشتووانی ئەو گەڕەکە پەیوەندی بکەن تاوەکو چارەسەری کێشەکەی بکەین”.