لە یەک مانگدا 210 هێرش ئەنجامدراون
سەرەڕای پڕۆسەی ئاشتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لەناو خاکی هەرێم زیادیکردووە
964+
شۆڕش قادری
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و بەردەوامی پڕۆسەی ئاشتی، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەناو خاکی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی تیمی کوردستانی رێکخراوی CPT ئەمریکی، ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئادار، بە رێژەی 78٪ زیادیکردووە و تەنیا لە مانگی رابردوودا سوپای تورکیا 210 هێرش و بۆردومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و 92٪ـی هێرشەکانیش بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک بوون.
لەو هێرشانە، 42 دانەیان هێرشی ئاسمانی بوون، 153 هێرشیان لەڕێگەی تۆپباران و 14 هێرشیشیان بە هەلیکۆپتەر ئەنجام دراون و هێرشێکیش بە چەکی سووک بووە.
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بە 964ـی وت، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، تورکیا بەلایەنی کەمەوە 616 بۆردومان و هێرشی کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بەهۆیانەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون”.
ئەوەش لەکاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگ تێپەڕیوە بەسەر بانگەواز و پەیامی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە و راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ئەو حزبەوە.