دووانیان وڵامدراونەتەوە

لەدوای پەیامەکەی ئۆجەلان تورکیا 14 هێرشی لە هەرێم ئەنجامداوە

964+

ژووری هەواڵ

لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، سوپای تورکیا 14 جار لە هەرێمی کوردستان هێرشیکردووەتە سەر پەکەکە و دووان لە هێرشەکان وەڵامدراونەتەوە.

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.3.2025 بڵاوکراوەتەوە، پەیامەکەی ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە نەبووەتە هۆی راگرتنی هێرشەکانی تورکیا و لەو کاتەوە سوپای ئەو وڵاتە نۆ هێرشی لە سنووری پارێزگای دهۆک و سێ لە پارێزگای سلێمانی و دوو هێرشیان لە پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە.

رێکخراوەکە دەڵێت، تەنیا لە 27.2.2025ـدا، ئەو رۆژەی پەیامەکەی ئۆجەلان خوێندرایەوە، سوپای تورکیا بۆردوومانی پێنج ناوچەی کردووە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی.

لە 28ـی شوباتیش تۆپخانەکانی تورکیا جارێکی دیکە چیای مەتینیان لە نێوان گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی تۆپباران کرد.

دوو رۆژ دواتر، چیای لینکی و گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلووک لە پارێزگای دهۆک کەوتنە بەر هێرشی چڕی سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی. چەکدارانی پەکەکە، بە تەقەکردن لە هێلیکۆپتەرەکان وەڵامی ئەم هێرشەیان دایەوە. هەر لەهەمان رۆژدا سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندی سگیرێی لە قەزای ئامێدی کرد.

لە 4ـی ئازار، سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەرەکان هێرشی کردە سەر گەلی مێوین لە گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە 5ـی ئازار، چیای مەتین لە گوندی گوهەرزێ کەوتە بەر هێرشی تۆپخانەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە تەقەیان لە بارەگا سەربازییەکی تورکیا کرد. لە ئێوارەی هەمان رۆژدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەختی بۆردوومانی دۆڵی ژاژۆڵان و خەندەکیان لە پشتی گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت کرد.

سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت ئاشتی لە قۆناغێکی گرنگیدایە و ...

سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت ئاشتی لە قۆناغێکی گرنگیدایە و دەم پارتیش سەردانی لایەنەکانی تورکیا دەکات