دەستبەسەرداگرتنى دراوى ساختە لەلایەن ئاسایشى مەرزى کێلێوە
بەنیازبوون لە هەرێم ساغى بکەنەوە
لە مەرزى کێلێ نزیکە 15 هەزار دۆلار و یۆرۆى ساختە دەستى بەسەرداگیرا
964+
وریا فەتاح
لە مەرزى کێلێ دوو تۆمەتبار بە بڕەپارەیەکى زۆرى دۆلار و یۆرۆى ساختەوە دەستگیرکران، کە بەنیازبوون لە هەرێمى کوردستان ساغى بکەنەوە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ شەممە، یاریدەدەریەتیی ئاسایشی کێلێ سەر بە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان، توانیان دوو هاوڵاتى دەستگیر بکەن لەسەر ئەوەى دراوى ساختەیان پێبووە”.
ئاشکراشى کرد، تۆمەتبارەکان 12 هەزار و 500 یۆرۆ و 2 هەزار دۆلارى ساختەیان پێبووە.
ئاشکراشى کرد، ئەو کەسانە لە مەرزى کێلێى دیوى هەرێمى کوردستان دەستگیرکراون و ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەپێى زانیارییەکانى 964 کە لە سەرچاوەیەکى ئەمنى سنوورەکە وەریگرتووە، ئەو دوو کەسە ئێرانى بوون و دراوە ساختەکەیان لە ئێرانەوە هێناوە و بەنیازبوون لە بازاڕەکانى هەرێم، ساغى بکەنەوە.