راغب عەلامە هونەرمەندی لوبنانی
ئوردن
پیاوێک بەهۆی راغب عەلامە ژنەكەی تەڵاق دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پیاوێكی ئوردنی ژنەكەی خۆی تەڵاق دا، چونكە بەبێ ئاگاداریی ئەو چووبووە پێشوازیی هونەرمەندی ناوداری لوبنانی راغب عەلامە لە فڕۆكەخانە.
میدیای ئوردنی بڵاویانكردەوە، پیاوێكی ئوردنی بەهۆی ئەوەی ژنەكەی چووبووە فڕۆكەخانە بۆ پێشوازی لە هونەرمەند راغب عەلامە، تەڵاقی داوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی سوسنەی ئوردنی، ژنەكە ئیزنی لە پیاوەكەی وەرنەگرتووە بۆ ئەم كارەی، تەنانەت درۆی لەگەڵ كردووە و بە پیاوەكەی وتووە دەچێت سەردانی خزم و كەسوكاری دەكات، بەڵام دواتر پیاوەكەی لە هەواڵەكان ژنەكەی بینیوە لە فڕۆكەخانەی مەلیكە عەلیا لەگەڵ دەیان ژنی تر پێشوازی لە راغب عەلامە دەكەن .
ناسنامەی ئەو ژن و پیاوە ئاشكرا نەكراوە، كە جیابوونەتەوە، هاوكات بابەتەكە لە سۆشیال میدیای ئوردنی كاردانەوەی جۆراوجۆری بەخۆیەوەبینی و هەندێك خەڵك رەخنەی توندیان لە ژنەكە گرت، چونكە پێیان وابوو فێڵی لە پیاوەكەی كردووە، هەندێكی دیكەش هاوسۆزییان بۆ ژنەكە دەربڕیوە و پێیان وابوو ئیشەكەی ئەوەندەی نەدەهێنا كابرا تەڵاقی بكات.
راغب عەلامە هونەرمەندی لوبنانی، هەوادارێكی زۆری لە دنیای عەرەبیدا هەیە، بە تایبەتیش لە ناو ژناندا، چونكە پیاوێكی زۆر قۆزە و پیریش نەبووە و گۆرانییەكانیشی عاشقانەیە، هەرچەندە تەمەنی 62 ساڵە.