پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
نوسراوی بەغدا هاتووە
ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی دارایی: رێکارەکانی پلەبەرزکردنەوە رێکبخەن
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای رێکخستنەوەی رێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە.
لە نوسراوێکدا کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە رێکارەکانی رێکخستنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێبکات.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق، رێکارەکانی رێکخستنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێ بکەن، بە رەچاوکردنی بنەماکانی پەیڕەوکراو لەلایەن وەزارەتى دارایى فیدراڵ و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
لە سەرەتای ساڵی 2016ـەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە و فەرمانبەران دوو بۆ سێ پلەبەرزکردنەوەیان فەوتاوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە یەکێتیی فەرمانبەرانەوە بە 964 دراوە، ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان 682 هەزار و 141 فەرمانبەرە و 325 هەزار فەرمانبەر فەرمانی پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە.