چی دەربارەی ئەم ئاژەڵە دەزانیت
رۆژى جیهانى گوێدرێژ
964+
محەمەد فاتیح
خزمەتێكی باشی بە شۆڕشگێڕانی و جوتیارانى كورد كردووە و لە شاخ و دۆڵ و چیاكان پشتیان پێ بەستوون و چەك و تەقەمەنییان پێ گواستووەتەوە، گەلی كورد بۆ زۆر شتی تریش بەكاریان هێناوه و تاكو ئێستاش بەكاری دەهێنن.
ئەمڕۆ 8ـى ئایار رۆژی جیهانی گوێدرێژە كە ساڵانێکی زۆرە خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە لە سەرانسەری جیهاندا و بۆ شاخ و باری قورس بەكارهێنراوە و رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە باشتركردنی کوالیتی ژیانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
گوێدرێژە بە خۆڕاگری و کۆڵنەدان ناسراوە و چەندین سەدەیە کار بۆ مرۆڤ دەکەن و لە هەموو جیهان بەخێودەكرێن بۆ بەکارهێنانی جۆراوجۆر، لە نێوان 50 بۆ 54 ساڵ تەمەن دەكەن و دەژین و نزیكەی 59 ملیۆن گوێدرێژ لەسەر كۆی زەوی بوونیان هەیە.
بە یەکێک لە کۆنترین ئامرازەکانی گواستنەوە دادەنرێت و مرۆڤ بۆ گواستنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر یان بۆ گواستنەوەی هەندێک کاڵا بەکاری دەهێنرێت، شیرەکەیان بۆ پێست بەکاردێت و بازاڕی ئەوروپا شوێنی چەندین بەرهەمی شیری گوێدرێژە و فەرەنسا پێشەنگی پەرەپێدانی ئەم بەرهەمانەيه كه تایبەتمەندی بەهێزی دژە پیربوون و چاککردنەوەی هەیە و دەرکەوتنی هێڵە وردەکان و چرچ و لۆچی پێست کەم دەکاتەوە و پێست گەنج دەکاتەوە و پاکی دەکاتەوە و شێدارى دەکات.
رازق ئەرك خاوەنی بیرۆكەی رۆژی جیهانی گوێدرێژە كە گروپێكی لە فەیسبووك دامەزراند بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەسەر گرنگی پاراستنی گوێدرێژ و بەرزنرخاندنی رۆڵی لە خزمەتكردنی مرۆڤایەتییدا و لە ساڵی 2018 ڕۆژی جیهانی گوێدرێژ بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
لە هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی 2005وە بە فەرمی حزبی كەران لە سلێمانی دامەزراوە و گەلی كورد لە مێژەوە تاكو ئێستاش پشت بە تواناكانی گوێدرێژ دەبەستێت بۆ راییكردنی هەندێك لە كارووبارەكانی ژیانیان و رۆڵێكی بەرچاویشى هەبووه لە یارمەتیدانی شۆڕشگیڕانی كورد و شؤرِشةكانى كوردستان.