پڕۆژەی ئاوی قولە لە رانییە - وێنە: 964
"راپەڕین بێ ئاو دەبێت ئەم هاوینە"
قولە نەژیاوەتەوە و بوستەر پەمپ ئیشی نەکردووە
964+
ژێوار خدر
چەند رۆژێکە هەواڵی ژیانەوەی ئاوی قولە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی قەزای رانیە دابین دەکات بڵاوبووەتەوە، ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ رانیەییەکان، چونکە ئەمساڵ لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رێژەیەکی زۆر کەم باران باریوە و راپەڕینیش یەکێکە لەو ناوچانە.
964 بەدواداچوونی بۆ ئەو هەواڵە کرد و قسەمان لەگەڵ سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین کرد، ئەو پێی راگەیاندین، کە قولە نەژیاوەتەوە، بەڵکو یەکێک لە بوستەر پەمپەکانی پڕۆژەکە لە کار کەوتووە و بەوهۆیەشەوە ئاوەکە سەر رێژی کردووە، بۆیە هاوڵاتیان وایان زانیوە سەرچاوەکە ژیاوەتەوە.
وتیشی، ئەمساڵ رێژی باران بارین زۆر کەمبووە، نەک هەر قولە نەژیاوەتەوە، بەڵکو سەرچاوەی ئاوی ژێر زەویش زۆر کەمی کردووە و مەترسی کەم ئاوی هەیە، پێدەچێت ئەم هاوینە دەڤەری راپەڕین بێ ئاو بێت.
باسی لەوەشکرد، بۆ ئێستا کێشەیەکی وامان نییە، بەڵام بۆ مانگەکانی هاوین کێشەمان بۆ دروست دەبێت و ناچارین رێو و شوێنی تایبەت بگرینە بەر و بەپێی پێویستی دابەشکردنی ئاو کەم دەکەینەوە و لەم شوێنانەشی پێویست بکات، بیری ئیرتیوازی لێدەدەین و ئاو بە تانکەر دابەش دەکەین وەک چارەسەر.