رێگەچارەی دەربازبوون لە وشکەساڵییان دۆزیوەتەوە

جوتیارانی پێنجوێن واز لە زەوییەکانیان ناهێنن و سەرقاڵی کشتوکاڵی خۆیانن

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

پێنجوێن ناوچە کشتوکاڵییەکەی کوردستان ئەمساڵ وشکەسالی راگەیاند، بەڵام جوتیاران وەک ساڵانی پێشوو سەرقاڵن بە کاری جوتیارییەوە و دەستیان لە زەوییەکانیان هەڵنەگرتووە.

بەکر عومەر کە خاوەنی نوسینگەی کشتوکاڵییە لە پێنجوێن و تۆوی بەرهەم و پێداویستی کشتوکاڵی دەفرۆشێت، بە 964ـی وت، “سەرەڕای وشکەساڵی، دەتوانین بڵێین کە تەنیا  %5ـی جوتیاران دەستیان لە زەوییەکانیان هەڵگرتووە بەهۆی کەمئاوییەوە”.

وتیشی، بەشێک لە جوتیاران بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی، لەبری تەماتە و بیبەر کە ئاوێکی زۆریان دەوێت، زەوییەکانیان کردووە بە شوتی و کاڵەک، چونکە ئەو دوو بەرهەمە ئاوی کەمتریان پێویست.

لای خۆیەوە، بەختیار قادر سەرۆکی ئەنجومەنی جوتیاران بە 964ـی وت، هۆشداریان بە جوتیارانی پێنجوێن داوە، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، کەمتر زەوییەکانیان بکێڵن، بۆ ئەوەی هەم زەوییەکە ئیسراحەت بکات، هەمیش ئاوی ژێر زەویش بپارێزرێت.

باسی لەوەشکرد، دەبێت جوتیار خۆی رەچاوی خۆی بکات چونکە لە کۆتایدا بەهۆی نەمانی ئاوەوە خۆی زەرەرمەند دەبێت.

پێنجوێن بە سەبەتەی خۆراکی کوردستان ناسراوە لە وەرزی هاویندا و هەموو جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵی هەیە و خاوەنی زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەوییە.

رۆژی 2.5.2025، لێپرسراوی کەشناسی پێنجوێن وشکەساڵی راگەیاند لە قەزای پێنجوێن و بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ 540 ملم باران لە پێنجوێن باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو زیاتر لە هەزار و 200 ملم باران باریبوو.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

جوتیارانى پێنجوێن چاکەى خۆیان بەجێهێنا

جوتیارانى پێنجوێن چاکەى خۆیان بەجێهێنا

ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوی لە پێنجوێن سووتاو...

ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوی لە پێنجوێن سووتاوە