964 زانیارییەكان لە بارەی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەخاتەڕوو
“بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئارەزوومەندانەیە و بە زۆر نییە”
+964
دیلان محەمەد جەزا
لە دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە بارەی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، شۆفێران پەلە نەکەن لە گۆڕینی تاکسییەکانیان لەبەر ئەوەی بڕیارەكە ئارەزومەندانەیە و بە زۆر نییە.
عەقید بەختیار محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بە 964 وت، بڕیاری تۆمارکردنی تاکسی نوێ لە هەرێمی کوردستان ئارەزومەندانەیە و هەر شۆفێرێکی تاکسی دەتوانێت بە ویستی خۆی تاکسییەکەی بگۆڕێت.
باسی لەوەش کرد، شۆفێران دەتوانن 89 جۆری ئۆتۆمبێلی بەنزین بکەن بە تاکسی تا قۆرخکاری دروست نەبێت، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبێردیش 74 جۆر دەستنیشان کراوە.
بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی هەروەها روونیكردەوە، بۆ تۆماركردنی تاكسی نوێ، جا جۆری ئۆتۆمبێلی كارەبایی، یان هایبرێد یان تەواو بەنزین بێت، رسومات و وەرگرتنی تابلۆی ژمارەكەشی بەخۆڕایی دەبێت.
كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو، دوای چەندین ساڵ وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە تۆمارکردنی تاکسی نوێ بڕیاری دا و رێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2025ـی تایبەت بە تۆمارکردنی تاکسی نوێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا