"شەش تۆن زبڵ و خاشاک لە ئیسکان کۆکراوەتەوە"
یارییەکان مایەی خێر و بەرەکەت بۆ کاسبکاران و هیلاکی بۆ ژینگەپارێزان
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دوای بەڕێوەچوونی هەر یارییەکی تۆپی پێ لە نێوان یانە بەهێزەکانی جیهان، دوکانداران و کاسبکارانی شەقامی ئیسکانی هەولێر نانیان دەکەوێتە رۆنەوە و هیلاکی و ماندووبوونەکەشی بۆ ژینگەپارێزان دەمێنێتەوە.
شەوی رابردوو و دوای بەڕێوەچوونی یاری نێوان بارسێلۆنا و ئینتەرمیلان، وەک هەمیشە زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە شەقامی ئیسکان بەجێما، بۆیە پیاوانی ژینگەپارێز کەوتنەخۆ و تا بەرەبەیان هەرچی هەبوو و نەبوو هەڵیانگرتەوە و شەقامەکەیان پوخت و خاوێن کردەوە.
ژیار جەلال بەڕێوبەری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ـی وت، دوای یارییەکە هەرزوو تیمەکانیان دەستیان بە خاوێنکردنەوەی شەقامی ئیسکان کردووە و توانیوایانە نزیکەی شەش تۆن زبڵ و خاشاک کۆبکەنەوە.
هاوکات یەکێک لە ژینگەپارێزان لەکاتی پاککردنەوەی شەقامەکە باسی ئەوەی کرد، کە رۆژانە بە هەشت کەسەوە و چوار جار لەمسەر بۆ ئەو سەری شەقامەکە پاک دەکەنەوە و دەیانەوێ بە جوانترین شێوە خزمەتی دوکانداران و رێبوارانی ئەو گوزەرە بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری